چالاکێکی مەدەنی بە ٥٠ زەربە شەڵاق و سزا نەختی مەحکووم کرا

14:09 - 19 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای گشتیی شاری سەقز کچە چالاکێکی مەدەنی کوردی بە ٥٠ زەربە شەڵاق و سزای نەختی مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچە چالاکێکی کورد خەڵکی شاری سەقز، بە ناوی \"زەمانە زیوەیی\" لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە ٥٠ زەربە شەلاق و ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە خوێندکارە کوردە بە تۆمەتی \"کۆبوونەوە بۆ پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان و تێکدانی نەزمی گشتی\" تاوانبار کراوە. دەوترێت، لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا دادگای ئینقلابی شاری سەقز دادگایی هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراو لە کۆبوونەوەی گشتپرسی سەرەبەخۆیی کوردستان دەست پێ دەکات.

پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی لە کوردستانی باشوور، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێی و شایی و خۆشی لە شەقامەکان بە نیسبەت بەڕێوەچوونی ئەم گشتپرسییە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیبوو کە دواتر لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.