چالاکێکی مەدەنی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

10:46 - 21 رەشەمه 2719

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، "شادمان بەنی بەشەر"، چالاکی مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە"، بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، ئەو ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی چلچەمە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

"شادمان بەنی بەشەر" پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بنەماڵەکەی خۆی لە دەسبەسەرکرانی ئاگادار کردووەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ئەو چالاکە مەدەنییە لەبەر دەستدا نییە.