چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد پاش تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەی لەزیندان ئازاد کرا

13:39 - 19 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵکی شاری سەقز، پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ \"محێدین ئازادی\" چالاکی سیاسیی کورد و ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز، لە زیندان ئازاد کرا.

\"16689.jpg\"
محێدین ئازادی چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
محێدین ئازاد رێکەوتی ١٦ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٨٨ لە شاری سەقز دەستبەسەر کراو و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی \"سیخوڕی و ناردنی بەڵگەی نهێنی بۆ وڵاتانی بێگانە\" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

ئەو ئەندامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان پاش ئەوە دەستبەسەر کرا، رەوانەی ئیتلاعاتی شرای سنە کرا و ماوەی سێ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر سێ زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوەکانی \" ئیسماعیل هەمزە‌پوور، محەممەد ئیزەد دووست و ئەنوەر ئیزەد دووست\" بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کران.

دەگوترێ کە ئیسماعیل هەمزەپوور کە بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، پاش ٢ ساڵ راگیران لە زیندان و هەروەها \"محەممەد و ئەنوەر ئیزەد دووست کە هەر کام بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون، پاش١٤ مانگ راگیران لە زیندان، بەشێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کران.