چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا

20:53 - 4 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە لە شاری تەورێز حوکمی زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوەو بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئاوات شێخەلیسلامی کوڕی حەسەن چالاکی مافی مرۆڤی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری تەورێزەوە بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی شاری تەورێز رۆژی سێ‌شەممەی رابردوو، رێکەوتی ٢ی بانەمەڕ، ئەو چالاکە مافی مرۆڤی‌یەی دادگایی کردووە و حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕیوەتەوەو دەستبەجێش بە بڕیاری دادوەر رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز کراوە.

ئاوات شێخەلئیسلامی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری تەوریز دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ رۆژ لێپرسینەوەی لێکراو دواتر بە دانانی ٣٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مافی مرۆڤی‌یە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"تەبلیغ دژی نیزام لە رێگەی هاوکاری کردنی زیندانیانی سیاسیی سەربە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تۆمەتبار کراوە.

دەگوترێت، ئاوات شێخەلئیسلامی نیشتەجێی شاری تەورێزەو دوکانی وێنەگری هەبووە، لە ئێستادا خێزان و منداڵەکانی بێ سەرپەسرت ماونەتەوە و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵە و کەسووکاری ئەو چالاکە کوردە دروست کردووە.