چالاکێکی مافی مرۆڤ وەکوو نوێنەری شۆرای شاری ژنێف دیاری کرا

16:20 - 27 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد و دانیشتووی شاری ژنێف بە شێوەی فەرمی وەکوو نوێنەری شۆرای ئەو شارە دەستبەکار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"تەیموور ئەلیاسی\"، چالاکی مافی مرۆڤ و نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، پاش سوێندخواردنی یاسایی لە بەرانبەر بەرپرسانی حکوومەتی لە پارێزگای ژنێف، وەکوو نوێنەری شۆرای شاری ژنێف بە شێوەی فەرمی دەستبەکار بوو.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: \"ئێستا بە شێوەی فەرمی لە شۆرای شاری ژنێف دەستبەکار بووم و دەمەوێ بە ڕوانگەیەکی نوێیەوە لەسەر پرسەکانی ژنێف و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی شوێندانەر بم، چوونکە شاری ژنێف شارێکی نێونەتەوەیییە و نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و شۆرای مافی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوەیە، لەو شارە هەڵکەوتووە\".

ئەو چالاکە مافی مرۆڤییەی کورد، یەکێک لە ئامانجەکانی لە ماوەی نوێنەرایەتیی خۆی لە شۆرای شاری ژنێف \"پێکهێنانی کۆمیسیۆنی هاوبەش لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکانی شاری ژنێف، بۆ پشتیوانی لە پرسی کورد\" ڕاگەیاندووە.

هەڵبژاردنەکانی شۆرای شاری ژنێڤ پێنج ساڵ جارێک بەرێوە دەچێت و ئەو چالاکە مافی مرۆیییە، وەکوو نوێنەری حیزبی سووسیالستی سویس لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری کردووە و ئەو پلەیەی بە دەست هێناوە.

تەیموور ئەلیاسی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، وەکوو نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ بەشدار بووە و ئەو ڕاپۆرتانەی کە تایبەت بوون بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران پێشکەشی ئەو ڕێکخراوەی کردووە.