چالاکێکی مافی مرۆڤ لە شاری سەقز دادگایی کرا

21:48 - 27 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤ، خەڵکی شاری سەقز و یەکێک لە هاوکارەکانی ئاژانسی هەواڵی موکریان لەلقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە دادگایی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"بەختیار خۆشناو\"، چالاکی مافی مرۆڤ و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان، لە لقی ١٠١ی دادگای جەزایی گشتیی شاری سەقز دادگایی کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مافی مرۆییە کوردە، بە هۆی ئامادەنەبوونی پارێزەر، داوای کردبوو دادگاییکردنەکەی بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت، بەڵام دادوەری دادگا لەگەڵ داواکاریی ناوبراو دژایەتی کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"دادوەری دادگا بەختیار خۆشناوی بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی تاوانبار کردووە، بەڵام پاش ڕوونبوونەوەی تۆمەتی ئەو چالاکە مافی مرۆییە، ناوبراو ئەو بڕیارەی دادوەری ڕەت کردەوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە، هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە و هەموو کار و چالاکییەکانی ئەو لە ڕێگای یاساییەوە بووە\".

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: \"دادگاییکردنی ئەو چالاکە مافی مرۆییە کوردە لەگەڵ بڕیاری دادگا بۆ حەوتووی داهاتوو دواخرا.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ، ٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار راگویزرا و ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتەی ١٣٧ میلیۆن تمەنی لە زیندانی شاری سەقز ئازاد کرا.

پووشپەڕی ساڵی ٩٦، بەختیار خۆشناو بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە بە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات\" لە دادگای سەقز دادگایی کرابوو.