چالاکێکی مافی مرۆڤ، بە بۆنەی ئێعدامکردنی هاووڵاتییان سێ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە

16:08 - 30 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی مافی مرۆڤ لە شاری سنە، لە نامەیەکدا، بۆ ویژدانە نەنووستووەکان، باسی لە مانگرتنی سێ ڕۆژی خۆی کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ و خەڵکی شاری سنە، لە نامەیەکدا بۆ ویژدانە نەنووستووەکان، باسی لە مانگرتنی سێ ڕۆژی خۆی بە نیسبەت دژایەتی لەگەڵ ئێعدامکردنی هاووڵاتییان دەربڕیوە.

دەقی نامەکە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، بە چەشنەیە:
بۆ ویژدانە نەنووستووەکان

هەروەک دەزانن، مافی ژیان لە بەڵگە ئاشکرا و بەڵگەنەویست و قەبووڵکراوەکانی مرۆڤە، هەر چەندە پێشێلکردن و لە بەرچاو نەگرتنی ئەم مافە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

بە باوەڕمەندبوون بەم ئەسڵە ئاشکرایە، هەر مرۆڤدۆستێک کە دڵی لە گرەوی پاراستنی گیان و ڕیزگرتنی گیانی مرۆڤەکان بە ئەژمار دێت، بێگومان لە بەرانبەر هەر هەوڵێک و دژکردەوەیەک کە گیانی مرۆڤەکان بستێنێت، بێدەنگیی هەڵبژاردنی ڕەوا نییە و پێداگری لەسەر ئەو مافە دەکات.

مرۆڤدۆستەکان،

لەم کاتەدا کە ترس لەوەی کە گیانی هێندێک کەس بە هۆی جیابیری و باوەڕمەندنەبوون بە ئیدئۆلۆژیی فەرمی و زاڵ لەو ناوچەیە دەسێندرێت. من (ئیجلال قەوامی) مانگرتنی خۆم بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەم جۆرە هەوڵانە بەتایبەتی ئێعدامی دەروێش محەممەد سەلاس و مەترسیی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕادەگەیەنم.

هیوادارم گوێیەکی بیسەر و هێزێکی عاقڵ هەبێت، زیاتر پێداگری لەسەر ئەو ڕێگا ناڕەوایە نەکات.

ئیجلال قەوامی
ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ