چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خوراسان، زێدی خۆی بەجێهێشت

14:36 - 25 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری \"کەلات\" لە پارێزەگای خوراسانی ڕەزەوی، لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی، بە ناچاری پەڕێوەی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی فەرهەنگیی کورد، بە ناوی \"مێهدی گەنجبەخش\"، خەڵکی شاری کەلات لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، پاش هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئێران، زێدی خۆی بەجێهێشت و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێیە.

\"مێهدی گەنجبەخش\"، بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی وەک: \"بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، تێکدانی بیروڕای گشتیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام\"، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە دادگای شاری کەلات، بانگهێشت کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، سەبارەت بەو تۆمەتانە دەسبەسەر و پاش ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا و شاکیی دۆسیەکەی ناوبراو، وەزارەتی ئیتلاعات بوو.

\"مێهدی گەنجبەخش\"، ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ٩٠، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا لێپرسینەوەی لێکرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، دواتر لە لایەن دەزگای قەزایی، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و لە ساڵی ٩١ی هەتاویدا، دوای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بە حەسێبکردنی ماوەی دەسبەسەرییەکەی، لە زیندانی \"وەکێل ‌ئاوا\"ی شاری مەشهەددا، ئازاد کرابوو.