چالاکێکی فەرهەنگیی کورد بە دانانی وەسیقە ئازاد کرا

13:48 - 21 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگی کوردی خەڵکی شاری بانە پاش چەند رۆژ دەستبەسەریی لەئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە دانانی وەسیقە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی حەفتەیەک لەمەوبەر \"حەبیب رەئووفی\" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش یەک حەفتە لەدەستبەسەریی لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات، بە دانانی وەسیقەی ٥٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.

هەتا بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لەهۆکاری دەستبەسەرکردنی حەبیب رەئووفی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.

حەبیب رەئووفی بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش وەکوو مامۆستا لەبنکە فێرکارییەکان وانەی کوردی وتووەتەوە.

ماوەیەکە زەخت و فشارەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لەکوردستانی ئێران زیادی کردووە و لەو بارەیەوە بەشێک لەچالاکانی سیاسی‌و فەرهەنگی شاری روانسەریش بە بیانووی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتبوون، هێزە ئەمنیەتییەکان بەو چالاکانەیان وتبوو کە نابێ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێوەندییان لەگەڵ کەسانی سەر بە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە هەبێت.