چالاکێکی فەرهەنگیی پەیڕەوی ئایینی یارسان لە کرماشان دەسبەسەر کرا

10:07 - 8 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگیی پەیڕەوی ئایینی یارسان، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە کرماشان دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، "خەلیل ئەسەدی بوژانی"، چالاکی فەرهەنگیی پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە گەڕەکی جەعفەرئاوای کرماشان، بێ پیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خانووی ئەم چالاکە فەرهەنگییە و دوای پشکنین، کەرەستەی کەسی، مۆبایل و کتێبەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

پاش دەسبەسەرکردنی "خەلیل ئەسەدی بوژانی"، هێزە ئیتلاعاتییەکان بنەماڵەی ناوبراویان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکردوون کە سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی "خەلیل"، کەس ئاگادار نەکەنەوە.

ئەم چالاکە فەرهەنگییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە پەیوەندییەکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و لە گرتنگەی ئەو بنکەیەدایە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە فەرهەنگییەی پەیڕەوی ئایینی یارسان، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.