چالاکێکی فەرهەنگیی شاری سەقز بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

13:07 - 26 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٧ مانگ زیندانیی تەعزیری رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری سەقز و خاوەن یەکێک لە کتێب فرۆشییەکانی ئەو شارە بەناوی \"سولێمان مەحموودی\" کە پێشتر بە ٧ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر خۆی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای شاری سەقز ناساند.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ سولێمان مەحموودی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز سەرەتای هاوینی ئەمساڵ لەلایەن ‌هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، بە ٧ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە کە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە ئەو حوکمەی بۆ بڕاوەتەوە، بۆ ماوەی ٢٦ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لەدەستبەسەریدا بووە و دواتر بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی لەزیندان ئازاد کرابوو.