چالاکێکی فەرهەنگی ٥ کچی هێنایەوە نێو بازنەی خوێندن

21:09 - 28 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: دانیشتوانی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان بە هەوڵ و بەشداریی بەرپرسی قوتابخانەی ناوەندی ئەو گوندە، دەستیان دایە نۆژەن‏کردنەوەی قوتابخانەی گوندەکەیان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی قوتابخانەی ناوەندیی گوندی \"دەری\"ی شاری مەریوان، بە هاوکاریی دانیشتوانی ئەو گوندە، دەستیان داوەتە نۆژەنکردنەوەی پۆلەکانی قوتابخانەی گوندەکەیان.

ئەو مامۆستایە بە کۆکردنەوەی ٤ میلیۆن تمەن توانیویە قوتابخانەکە لە بواری نەقاشی، سیم کێشی و چیمەنتۆ کردنی حەوشەکەی، نۆژەن بکاتەوە.
پێشتر ١٥٠ قوتابی ئەو گوندە لە بینایەکی کرێ سەرقاڵی خوێندن بوون.

\"28834.jpg\"
هەروەها ماڵپەڕی ناوچەیی \"زریوار خبر\" ڕایگەیاندووە کە بەرپرسی قوتابخانەی ناوەندیی گوندی \"دەری\"، توانیویە ٥ قوتابیی کچ بگەڕێنێتەوە بۆ نێو پۆلەکانی خوێندن.

غوڵام عەباسی لەمەڕ چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو کچانە بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن گوتی: \" بە نێوبژیوانی و بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی ئەو قوتابیانە و کڕینی دیاری بۆ قوتابیەکان، هانیان داون بۆ گەڕانەوە بۆ قوتابخانە و درێژەدان بە خوێندن.

نەبوونی شوێنی لەبار بۆ پەروەردە و هۆکاری کۆمەڵایەتی و خێزانی، هۆکاری وازهێنان لە خوێندنی ئەو ٥ کچە قوتابییەی گوندی \"دەری\" بووە.

بەپێی ئاماری فەرمیی حکوومەت، ٣٥ هەزار کچی جێماو لە خوێندن، لە ئێراندا بوونیان هەیە.