چالاکێکی فەرهەنگی_ مەدەنی زێدی خۆی جێهێشت

15:16 - 26 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنی _فەرهەنگی بە ناچاری و لە ترسی دەستبەسەر کردنی دووبارە زێدی خۆی بەجێهێشت و ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئاژانسی کوردپا، نووسەرێکی لاو و چالاکێکی مەدەنی_فەرهەنگی بە ناوی ئومید سلێمانی خەڵکی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان لە ترسی دەستبەسەر کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان زێد و نیشتمانی خۆی بە جێهێشت.

ئومید سلێمانی لە پەیوەندییەکی تێلفونیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: من نووسەر، ڕۆژنامەوان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئێرانم و هەتاکوو ئێستا سێ کتێبم نوسێووە کە تەنیا یەکێک لەو کتێبانە ئیزنی لە چاپدانی پێدراوە و ئەو دوو بەرهەمەکەی دیکەم لەلایەن وەزارەتی ئیرشادەوە پێش بە چاپکردنی گیراوە.

ئەوە نووسەر و ڕۆژنامەوانە کوردە لە درێژەدا دەڵێت: من لە دوو ڕۆژنامەی دیکە بە ناوەکانی \"دیدگاە\" و \"نوای وقت\" کارم کردووە و زۆرێک لە نووسینەکانم لە زۆربەی بڵاوکراوەکانی ئەو ناوچەیە بڵاو بووەتەوە.

ئومید لە درێژەی وتوێژەکەیدا دەڵێت: چەند جارێک لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوم هەر جارێک تۆمەتێکی نوێ وە پاڵم دراوە وەک، \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، \"پەیوەندیی لەگەڵ بێگانە و فراماسۆنێری\" و نووسێنی بابەتگەلێکی \"ناپەسند\".

ناوبراو لە درێژەی ئەو پەیوەندییە تێلفۆنیەدا دەڵێت: \" چەندین جار لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوم و دوایین جار لە ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندی شاری سنە دابووم، بەڵام هێندێک لە هەواڵدەرییەکان بە هەڵە ڕۆژی ٢٣ی بانەمەڕیان وەکوو ڕۆژی دەستبەسەر بوونەکەم بڵاوکردبووە.

ئومید هاروەها ڕایدگەیەنێ: زۆر جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانەوە لە زیندان ئازار و ئەشکەنجە دراوم دەیانەویست بە زۆرملی ناچارم بکەن، دان بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانم بنێم.

ئەو نووسەر کوردە دەڵێت: پاش ماوەیەک لە زیندان بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرام و دواتر کاتێک زانیم ئیزنی لە چاپدانی بەرهەمە نوێیەکەم هەڵوەشاوەتەوە بە ناچاری و لە ترسی دەستبەسەر کردنی دووبارە زێدی خۆمم بە جیهێشت.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان چەند جارێک هەڕەشەیان لە باوکی ئومید کردووە، کە پەیوەندیی لەگەڵ ناوبراو دا بگرێت هەتا ئومید بگەڕێتەوە.

ئومید سلێمانی ناسراو بە \"سەنگەر\"، خەڵکی شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە خاوەنی سێ بەرهەم بە ناوەکانی \"راز اهرام، منطقه ٥٢\"،\"خنیاگر انزوا\" و \" آرزوهای نفرین\"ـە.

ناوبراو لە قۆناغی کارناسی لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی شاری تارانە و لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی وەکوو لاوترین نووسەر لە ناوچەی هەورامان دەست نیشان کرا بوو.

لینک مرتبط:
نووسەرێکی لاو لە شاری سنە دەستبەسەر کرا