چالاکێکی فەرهەنگی لە کرماشان دەسبەسەر کرا

12:42 - 11 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی کرماشانی دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی کرماشان بە ناوی "مەحیەدین ئەسغەری"، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

دەوترێت، ئەو چالاکە فەرهەنگییە بۆ دۆسیەسازی و جیاکردنەوەی تۆمەتەکەی بۆ لێپرسی دادگای گشتی و ئینقلابی کرماشان ڕاگوێزراوە و دواتر بۆ گرتنگە گەڕێندراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی "مێهدی ساڵحی، سەلاح بەهروجە، عالەم عەبدی، پارسا نادری و ئەحمەد حوسێنی"، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەروەها لاوێکی دیکەی کورد بە ناوی "فەرزاد گڵی" خەڵکی فەیزئاوای سنە، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان" دەسبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کوژراو و دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی کوردستان کردووە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان خۆیان ببوێرن و لە ئەگەری وتووێژکردن، لەگەڵ سزای قورس ڕووبەڕوو دەبنەوە.