چالاکێکی فەرهەنگی خەڵکی مەهاباد رەوانەی زیندان کرا

20:30 - 3 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: نووسەر و چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەلکی شاری مەهاباد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ یەعقووب خزری چالاکی فەرهەنگیی کوردی کە بە ١ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، لەلایەن لقی ئیجرای ئەحکامی دادگای شاری مەهابادەوە ئاگادار کرایەوە کە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی شاری مەهاباد بناسێنێت.

یەعقووب خزری مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ چەند کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد دەستبەسەر و پاش ٢ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

\"18004.jpg\"
یەعقووب خزری چالاکی فەرهەنگیی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا
ئەو چالاکە فەرهەنگییە، کە بە مەبەستی کار کردن رووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، پاش ئەوەی لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان گەڕایەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاسپۆرتەکەیان لێ ئەستاندبوویەوە و چوونە دەرەوە لە ئێرانیشیان لێ قەدەغە کردبوو.

یەعقووب خزری تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی برایم و خەڵکی شاری مەهاباد لە ٢٠ رۆژ پێش ئێستاوە لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگیراوە و هەنووکە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ئەو وێبلاگنووسە کوردە، خوێندکاری کارناسیی باڵای دەروونناسی و یەکێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەهاباد و هەروەها مامۆستای قوتابخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد بوو، کە بەبڕیاری راستەوخۆی لێژنەی \"پێڕاگەیشتن بە تاوانە ئیدارییەکان\" لەسەر کار دەرکرا.