چالاکێکی فەرهەنگی بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری بۆکان کرا

21:28 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی بانگهێشت و هەڕەشەی لێکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ، \"ئەمیر پیادە\"، بەرپرسی زمانی کوردی و وێژەی کوردیی \"بەیان\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕۆژی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، داوایان لە ناوبراو کردووە کە کاتژمێر ٥ی ئێوارە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنێت.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: \"ئەمیر پیادە، بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش وەرگرتنی بەڵێننامە لەو چالاکە فەرهەنگییە، ناوبراویان ئازاد کردووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو چالاکە فەرهەنگییەیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ لەو وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیەندنەکان سەبارەت بەم پرسە خۆی ببوێرێت و بێدەنگی هەڵبژێرێت.