چالاکێکی سێنفیی مامۆستایان بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرا
ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، "ئامانج ئەمینی" چالاکی سێنفیی مامۆستایان بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سێنفییە لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیلاعاتی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بێڕیزیی پێ کرا و دراوەتە بەر ئەشکەنجە و لێدان.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هەڵسوکەوتەی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز ڕایگەیاندووە: "ئامانج ئەمینی بە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و بانگهێشتی ستادی خەبەری و بەپێی سیاسەت و پەیوەندییەکی دوو لایەنە کە ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سەقز و زیوە پێی پێبەند بوونە، بۆ وتووێژکردن سەردانی ئەم ناوەندەی کردووە کە هەر لە سەرەتاوە بە هەڵسوکەوتێکی نەشیاو لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و لەنێوان وتووێژەکانیان ناوبراویان داوەتە بەر ئەشکەنجە و لێدان و بێڕێزییان پێ کردووە".
هەروەها ئەو ئەنجومەنە خوازیاری ئەوە بووە کە لەو مامۆستا تێکۆشەرە داوای لێبووردن بکرێت.
بانگهێشتی "ئامانج ئەمینی" پاش مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان ڕووی داوە.