چالاکێکی سیاسیی کورد لە ٢٣ـهەمین ڕۆژی مانگرتنیدایە

14:21 - 9 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: پێشلکرانی مافی زیندانییان لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج مانگرتنی زیندانییەکی کرماشانیی بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ٩ی بەفرانبار، مانگرتنی سەعید شێرزاد لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج پێی ناوەتە ٢٣ـهەمین ڕۆژی خۆی.

ئەو چالاکەی مافی منداڵان وەک ناڕەزایەتییەک بە نەبوونی ئەمنیەت بۆ زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شار و پێشلکرانی مافەکانیان، لە حەڤدەی مانگی ڕابردووەوە دەستی داوەتە مانگرتن.

لە بەندی ١٢ی ساڵۆنی ژمارە چواری ڕەجایی‌شار، بەلانیکەمەوە شەست چالاکی سیاسی، مەدنی و عەقیدەتی لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراون.

\"\"
مانگرتنی سەعید شێرزاد
مانگرتنی ئەو زیندانییە تەمەن ٢٩ ساڵەیە بووەتە هۆی دابەزینی کێش و زەختی خوێن و ئێشی گورچیلە و دواجار بردنی بۆ نەخۆشخانەی زیندان.

سەعید شێرزاد کە لە نێوەڕاستی ئەو حەوتوویەدا نەیهێشتبوو سێرۆمی بۆ هەڵواسن، وتوویەتی؛ \"با لەبەر دەنگی بێ دەنگانی نێو زیندان، مانگرتنەکەم تاکوو ڕۆژی سیهەم بەردەوام بێ.\"

جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، سەعید بۆ جاری دووهەم لەلایەن هێزی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاش ٢ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، خەرمانانی ساڵی ٩٤ بە تۆمەتی \" کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە تەناهیی نەتەوەیی\" سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

ناوبراو یەکەمجار خەرمانانی ٩١ لەکاتی یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دەستبەسەر کرا.

هاوکات لەگەڵ سەعید شێرزاد، لانیکەم سێ زیندانیی دیکەی گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج بەناوەکانی ئارەش سادقی، عەلی شەریعەتی و مێهدی کووخیان دەستیان داوەتە مانگرتن و دۆخی تەندرووستیان لە مەترسیدایە.