چالاکێکی سیاسیی کورد لە سەقز، \"هەوڵی کوژران\"ی درا

14:07 - 15 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ماشێنی مامۆستایەکی زانکۆ و چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو کەس یان کەسانێکی نەناسراو لە شاری سەقز، تەقەیان لە ماشێنی شەخسیی خالید تەوەکولی چالاکی سیاسی و مامۆستای زانکۆی خەڵکی ئەو شارە کرد.

\"22479.jpg\"
خالید تەوەکولی چالاکی سیاسی و مامۆستای زانکۆ
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، لە کاتێکدا ماشێنەکەی پارک کرابوو، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوەو چەند گوللـەیەکی بەرکەوتووە.

ئەو رووداوە، کە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، هەتا ئێستا هۆکاری ئەو تەقە کردنەکە روون نەبۆتەوە، و هاوکات چالاکانی سیاسیی دیکە لەسەر لاپەڕەی خالید تەوەکولی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.

\"22480.jpg\"
خالید تەوەکولی کە بە یەکێک لە کارناسانی پرسی نەتەوەکان دادەندرێت، لە وتوێژەکانی خۆیدا لەگەڵ میدیاکان، خولقاندنی کەشێکی دێمۆکراتیکی بە باشترین رێکاری چارەسەریی پرسی کورد و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە لە ئێران لە قەڵەم داوە.

ئەو دوکتورایەی کۆمەڵناسی و مامۆستای زانکۆ لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلمانی حکوومەتی ئیسلامیدا بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی شاری سەقز و بانە بۆ پارلمانی ئە ووڵاتە هەڵبژێردرا، بەڵام شۆرای نیگابانی حکوومەتی ئیسلامی رێگری لە چوونی ئەو چالاکە کوردە بۆ پارلمان کرد.