چالاکێکی سیاسیی کورد، حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە

18:14 - 21 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شارستانی شنۆ پاش زیاتر لە چوار ساڵ راگیران لە زیندانی ورمێ، دادگای ئینقلاب حوکمی ٦ ساڵ زیندانی کرانی بۆ برییەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هادی رەسووڵی خەڵکی شاری شنۆ، کە ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، سەرەنجام دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی زیندانییەکەی بەو زیندانییە سیاسییە کوردە راگەیاند.

هادی رەسووڵی ساڵی ١٣٨٩ و پاش مانگرتنی سەرتاسەریی ١٩ی بانەمەڕی ئەو ساڵە، کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی پێنج چالاکی سیاسی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا بەڕێوەچوو، دەستبەسەر کرابوو.

١٩ی بانەمەڕی ساڵی ٨٩ی هەتاوی پێنج چالاکی سیاسیی کورد بە ناوەکانی شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی، مەهدی ئیسلامیان بە تۆمەتی لایەنگری لەیەکێک لە حیزبە کوردییەکان، لەلایەن حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە دران.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو لاوە کوردەیان بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران تۆمەتبار کردبوو.

بە گوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی رەسووڵی، ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ چەندین جار بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە کوردەیان بانگهێشت کردووەو هەر جارەش بە بیانوویەکەوە رێگرییان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان کردووە.