چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناچاری وڵاتی بەجێ هێشت

13:02 - 5 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: \"حەسەن مەلاک\" چالاکی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، بە ناچاری وڵاتی بەجێ هێشت.

حەسەن مەلاک چالاکی سیاسیی کورد، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی \"کوردپا\"ی راگەیاند: بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە زێدی خۆی بەجێ هێشتووە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیه.

ئەو چالاکە سیاسییە ئاشکرای کرد کە شەوی ٢٦ی سەرماوەز، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای کردووە کە خۆی بەو ئیدارەیە بناسێنێ، بەڵام لەبەر ئەویکە هەستی بە مەترسی ئەشکەنجە و گیرانی درێژماوە کردووە، بە ناچاری وڵاتی بەجێ هێشتووە.

حەسەن مەلاک ئاماژەی بەوەش کرد کە پاش ئەو پێوەندییە تەلەفۆنییە، ماڵی خۆی بەجێ هێشتووە و بۆ ماوەی چەند رۆژ لە گوندەکانی نێوان سەر سنووری هەرێمی کوردستان، خۆی حەشار داوە.

ئەو چالاکە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو کە رێکەوتی ٤ی رێبەندانی ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهابادەوە دەستبەسەر و دواتر لە دادگایەکی چەند خولەکیدا ماوەی ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕاوەتەوە کە ماوەی ١ ساڵ حوکمە تەعزیرییەکەی لە زیندانی مەهاباد تێپەڕاندووە و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

حەسەن مەلاک ساڵی ١٣٧٥ بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان، بۆ ماوەی ٥ مانگ لە شاری مەهاباد و دەوروبەری بە نهێنی ژیاوە و دواتر خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات ناساندۆتەوە و ماوەی نزیک بە ٣ ساڵ بۆ شاری میاندواو دووریان خستۆتەوە.

ناوبراو راشیگەیاند: لەو ماوەی دوور خرانەوەی بۆ شاری میاندواو، هەموو رۆژێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ناساندووە و هەندێک جاریش بردوویانەتە دەرەوەی شار و هەڕەشە لێکۆڵینەوەیان لێکردووە.