چالاکێکی سیاسیی کورد بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا

14:01 - 22 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاوە کانەبی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"ورمێ\"ـەوە بە زیندانی هەتاهەتایی و دوورخرانەوە مەحکووم کراوە.

\"17798.jpg\"
کاوە کانەبی چالاکی سیاسیی کورد لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"ورمێ\"ـەوە بە زیندانی هەتاهەتایی و دوورخرانەوە مەحکووم کراوە
دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو حوکمەی بە پێی ماددەی ١٨٠ و ١٨٤ لە یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ ئەو چالاکە سیاسییە کوردە بڕیوەتەوە و لە دادگای پێداچوونەوەشدا وەکوو خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.

لە کۆتایی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا، دادسەرای شاری بۆکان بە بنەماڵەی (کاوە کانەبی)یان راگەیاندبوو، کە خانووبەرە و ماشین و حیسابی بانکیی ناوبراو دەستی بەسەردا دەگیرێت.

کاوە کانەبی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکەی بەناوی \"ئەسرین کانەبی\" دوابەدوای بەشداریی کردن لە خۆپیشاندانک کە بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی گوماناویی سومەییە فەیزوڵلا پوور رێکخرابوو، بەهۆی فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆیان بەجێهێشت.