چالاکێکی سیاسیی دیکەی کورد بە ناچاری زێدی بەجێهێشت

15:23 - 17 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: \"لوقمان کۆخا\" تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی زەختی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

لوقمان کۆخا لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بە هۆی بانگهێشت کرانی بەردەوام بۆ ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێڕان، بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە و رووی لە هەندەران کردووە.

\"10601.jpg\"
لوقمان کۆخا
هێزە ئیتلاعاتییەکان دوابەدوای ئەوە کە ئەو چالاکە سیاسییە کوردە زێدی خۆی بەجێهێشتووە، ٣ جار هێرشیان کردۆتە سەر ماڵەکەی و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە و ویستوویانە کچی ئەو چالاکە سیاسییە لەگەڵ خۆیاندا ببەن کە بەرەوڕووی دژکردەوەی هاووڵاتییانی گەڕەکی \"کازمیان\"ی شاری شنۆ بوونەتەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە رێکەوتی ٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراوە و ماوەی ١٣ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ بە توندی لە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەدا بووە و دواتر بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم دراوه و ئەو ماوە حوکمەی لە زیندان تێپەڕ کردووە.