چالاکێکی سیاسی کورد، ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێرانی لە سەرە

14:32 - 22 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسی کورد، خەڵکی شاری سەقز، نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان، ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێرانی لە سەرەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی سیاسی کورد بە ناوی \"نادر ئەڵلایاری\" خەڵکی شاری سەقز، نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان، لە لایەن ئێدارەی کاروباری پەناخوازانی وڵاتی ئاڵمانەوە، بۆ کەمپە داخراوەکان گوازرایەوە و مەترسیی دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران هەڕەشە لە گیانی ناوبراو دەکات.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بووە و ساڵی ٩٤، وەکوو پەناخوازێک، ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کردووە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە قەبوول نەکردنی کەیسەکەی ڕایگەیاند: \"داوای پەنابەری من (نادر ئەڵلایاری) لە لایەن ئێدارەی کاروباری پەنابەران ڕەت کراوەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووم ، دەبێت بچیتەوە بۆ کەمپە داخراوەکان.

نادر ئەڵلایاری هەروەها بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: من ساڵی ٩٤ وەکوو پەناخوازێک ڕووم لە وڵاتی ئاڵمان کردووە و داوای پەناخوازیم لەو وڵاتە کردووە و بەڵام پاش سێ ساڵ و چەند مانگ، داواکارییەکەم ڕەت کرایەوە.

ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی ڕابردوو، ئێدارەی کاروباری پەناخوازانی ئاڵمان وڵامی نەرێنیان پێدامەوە و پێیان ڕاگەیاندم کە بڕیاری دیپۆرت کردنەوەت بۆ ئێران دراوە.