چالاکێکی سیاسی لەلایەن تورکیەوە ڕادەستی ئێران کرا و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی چالاکێکی سیاسیی دیکە لە ئارادایە

12:10 - 7 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران و نیشتەجێی وڵاتی تورکیە، لەلایەن کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە و هەروەها چالاکێکی سیاسیی دیکەی کوردی خەڵکی مەریوان، مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی لەلایەن دەوڵەتی ڕۆمانییەوە لە سەرە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بەفرانبار، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی "عادل بەهرامی"، خەڵکی کامیاران و دانیشتووی تورکیە، لەلایەن کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە دیپۆرتی ئێران کرایەوە.

پێشتر ماڵپەڕی "ئاسۆی ڕۆژهەڵات" لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، خەڵکی کامیارانە کە لە زیندانی شاری ئانتالیای وڵاتی تورکیەدایە و بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە بۆ زیندانی شاری "ئاگرێـ"ـی کوردستانی باکوور گوێزراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە پێی ڕاگەیەندراوە کە بڕیار وایە بۆ ئێران دیپۆرت بکرێتەوە".

ئەو چالاکە سیاسییە، ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو چالاکە سیاسییە لەگەڵ ٣٥ کەسی دیکە، لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە ڕادەستی ئێران کراونەتەوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی "عادڵ بەهرامی" و ئەو ٣٥ کەسەکەی دیکە لەبەر دەستدا نییە."

لە لایەکی دیکەوە، چالاکێکی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوی "کاوان حەیدەری"، خەڵکی مەریوان و ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەسەرە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، ئەندامی "حدکا"یە و هەنووکە لە "کەمپی داخراو" لە وڵاتی ڕۆمانیادایە و بەرپرسانی حکوومەت پێیان ڕاگەیاندووە کە دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە.