چالاکێکی سیاسی لە دیواندەرە بە سپاردنی ٨٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد کرا

15:55 - 10 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە کە مانگێک پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە سپاردنی بارمتەیەکی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی لەزیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەید ئەنوەر قوڕەیشی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرابوو، پاش ١ مانگ راگیران لە ئیتلاعاتی ئەو شارە، بە دانانی ٨٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

دەگوترێت، هێزە ئیتلاعاتییەکان تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ هاوکاری کردنی ماڵی بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گەڕاندۆتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەید ئەنوەر قوڕەیشی لە ماوەی ئەو ١ مانگەدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە دەستبەسەر بووە و لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بەرەوڕووی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی رۆحی بۆتەوە.