چالاکێکی دیکەی کرێکاری لە مەهاباد دەستبەسەر کرا

01:23 - 20 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای دەستبەسەر کردنی چەندین چالاکی کرێکاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد چالاکێکی کرێکاریی کوردی خەڵکی ئەو شارەی دەستبەسەر کرد.

ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕٶ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی بەفرانبار چالاکێکی کرێکاریی کورد بەناوی \"یۆسف ئاب خرابات\" خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و پاش خۆناساندن بەو ئیدارەیە، دەستبەسەر کراوە.

\"10635.jpg\"
یۆسف ئاب خرابات
هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و چارەنووسی ئەو چالاکە کرێکارییە لەبەر دەستدا نییە.

چەند رۆژ پێش ئێستا ٢ چالاکی کرێکاریی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی \" محەمەد مەولایی و واحید سەیدە\" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کران کە هەتا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

لەماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا ١١ چالاکی کرێکاریی کورد لە کوردستان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت ودەستبەسەر کراون.