چالاکێکی دیکەی سیاسیی کورد بەهۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆی بەجێهێشت

12:48 - 20 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەلکی شاری سنە بەهۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی رابردوودا شۆڕش زەندی تەمەن ٣٤ ساڵ، پاش ئەوەی چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و بانگهێشت بوویەوە، رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

هاوکات هاوسەری ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سنە بەناوی فەریدە زارعی هاوڕێ لەگەڵ منداڵە تەمەن ٥ ساڵەکەی بەهۆی فشاری ئیتلاعاتەوە رووی لە دەرەوەی وڵات کردووە.

\"17301.jpg\"
شۆڕش زەندی بەهۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆی بەجێهێشت
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: \"دوابەدوای ئەوەی کە ئەو بنەماڵە کوردەی خەڵکی شاری سنە وڵاتیان بەجێهیشت، دایک و خوشکی شۆڕش زەندی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێـر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە.\"

شۆڕش زەندی پێشتریش بەهۆی چالاکیی سیاسی و بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" لە ساڵی ١٣٧٩ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەوە شارەوە بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٨ ساڵ و هەروەها ٧٠ زەربە قامچی مەحکووم کرا کە ماوەی ٢ ساڵ لەو حوکمەی لە زیندانی شاری سنە تێپەڕ کرد.

شۆڕش زەندی بڕوانامەی \"لیسانس(بەکالریۆس)\"ی بیناسازیی بەدەست هێناوە و ماوەی ١٠ ساڵیش لە یاریگەیەکی وەرزشیدا مامۆستای وەرزشی رەزمیی کۆنگفۆ بووە.