چالاکێکی دیکەی سیاسیی کورد بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت

15:08 - 15 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: چالاكی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سنە بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بە ناچاری لە یەکێک لە وڵاتانی درواسێی وڵاتی ئێران نیشتەجێ بووە.

\"جەهانبەخش ئەحمەدی\" لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەواڵی بە جێهێشتنی وڵاتی پژڕاست كردەوە و رایگەیاند: دوابەدوای ئازاد بوونم لە زیندان بەردەوام لەژێر چاوەدێریی دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بووم کە دواجار بەهۆی هێرشی ئەو هێزانەوە بەناچاری زێدی خۆمم بەجێهێشت.

ئەو چالاکە سیاسییە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراوە.

\"10974.jpg\"
جەهانبەخش ئەحمەدی
ناوبراو لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە بۆ ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو کەم کرایەوە کە پاش تێپەڕاندنی ٢ ساڵ زیندانی، ئازاد کرا.

جەهانبەخش ئەحمەدی لەدایک بووی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی و کوڕی غەفوور و خەڵکی گوندی \"نگڵ\"ی سەربە شاری سنەیە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا جیا لە کار و چالاکیی سیاسی، یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بووە.