چالاکێکی خوێندکاریی کورد لە زیندانەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە

20:39 - 16 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خوێندکاریی خەڵکی سەقز، لە شوێنی ڕاگیرانییەوە بۆ نەخۆشخانەی \"بعثت\"ی سنە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەردار پەرەستار، چالاکی خوێندکاریی کوردی لقی زانست و توێژینەوەکانی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی تاران، بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی لە شوێنی ڕاگیرانیەوە -کە نادیارە- بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە هەواڵنێری کوردپا لە سنەی ڕاگەیاندووە، دەست و پەنجەی ئەو چالاکە خوێندکارییە تووشی برینێکی قورس بووە و ناوبراوی لە سەر تەختی نەخۆشخانە بینیوە.

\"28946.jpg\"
سەردار پەرەستار
سەردار پەرەستار، دوابەدوای ڕەخنە گرتن لە سەعید جەلیلی، بەربژێری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٩٢ی هەتاوی لە زانکۆی ئازادی تاران، لەو زانکۆیە دەرکراو و لەمافی درێژەدان بە خوێندن بێبەش کرا.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی وردتر لە سەر چارەنووسی ئەو خوێندکارە کوردە لە بەردەستتدا نییە و چارەنووسی ناڕوونە.

سەردار پەرستار، لە کاتێکدا خوێندکاری تێرمی یەکەمی ڕشتەی کامپیۆتێری زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران بوو، مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ هەتاوی، بانگهێشتی کۆمیتەی ئینزباتی کراو بە بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون، پێی ڕاگەیاندرا کە ئیزنی ئەوەی نییە بۆ تێرمی داهاتوو خۆی ناونووس بکات.

دەگوترێت کە ئەو چالاکە خوێندکارییە کوردە، لەو ماوەیەدا دوو جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزیش کراوە و بە بێ هۆکارێکی دیاریکراو لێپرسینەوەی لێ کراوە.

چالاکانی خوێندکاری لەو باوەڕەدان کە دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەی پلان‌بۆ داڕێژراو چالاکانی خوێندکاری لە زانکۆکان دەردەکەن و ناچار بە بەجێ‏هێشتنی وڵاتیان دەکەن.