چالاکێکی خوێندکاریی کورد لە درێژەدانی خوێندن بێبەش کرا

14:49 - 30 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: زانکۆی پەیامی نووری مەریوان پێشی بە درێژەدانی خوێندنی خوێندکارێکی کورد گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دانا لەنجاوایی خوێندکاری کورد و خوێندکاری تێرمی سێهەمی بەشی ئابووریی کشت و کاڵ لە زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کرا.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو ماوەی ٢٠مانگ حوکمی زیندانی خۆی لە زیندان تێپەڕاندووە.

دەوترێت، دوابەدوای بەدواداچوون بۆ ناونووسی کردن و هەڵبژاردنی مادەکانی خوێندن بۆ تێرمی پاییزی، بە دانا لەنجاوایی ڕاگەیەندراوە کە مافی درێژەدانی خوێندنی نیە.

ئەو خوێندکارە کوردە بە مەبەستی بەدواداچوون، سەردانی زانکۆی پەیامی نووری شاری سنەی کردووە، بەڵام سەرۆکی ئەو زانکۆیەش پێی ڕاگەیاندووە : \"کێشەکەت لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمەدایە\".

بیست و شەشی خەرمانانی ئەمساڵ، دانا لەنجاوایی خوێندکاری بەشی ئابووریی کشت وکاڵ لە زانکۆی پەیام نووری مەریوان و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد لە زیندان ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوییەوە لە زیندانەکانی ئێران ڕاگیراوە و کۆتایی ئەو ساڵەش سزای ٥٠ زەربەی قامچی، لەسەر ناوبراو جێبەجێ کرا.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دانا لەنجاوایی بە پڕوپاگەندە لە دژی نیزام تۆمەتبار کردووە. پێشتریش ناوبراو لە مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی‏دا، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مەریوانەوە بە هۆی چالاکیی خوێندکاری و فەرهەنگی، سزای ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.