چالاکێکی خوێندکاریی کورد حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە

16:26 - 27 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە حوکمی ٦ مانگی زیندان و هەڵپەسێرانی ئەو حوکمە بە ماوەی ٥ ساڵ بۆ چالاکێکی خوێندکاری بەناوی \"مەهدی دۆعاگۆ\" بڕییەوە.

دادگای شۆڕشی شاری سنە تاوانی \"مەهدی دۆعاگۆ\" بەرپرسی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد، \"چالاکی دژی تەناهی نیزام\" راگەیاندووە، کە دواتر ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پاریزگای کوردستانەوە پژڕاست کراوەتەوە.

\"10748.jpg\"
پێشتریش یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد لە بەیاننامەیەکدا زەخت و گوشار و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و خوێندکاری وەک نموونەیەکی دیکە لە توند وتیژییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە دژی ئەو چالاکانە وەسف کردبوو.

ئەو خوێندکارەی \"زانکۆی ئازادی ورمێ\" بە هۆی بەشداری کردن لە ساڵڤەگەری کوژرانی \"ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی\"دا هاوڕێ لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکەی خوێندکاری و فەرهەنگی دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.