چالاکێکی خوێندکاری بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت

21:37 - 6 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خوێندکاریی کورد بەهۆی بانگ کرانی بەردەوام بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و زەخت و گوشاری ئەو هێزانە وڵاتی بەجێهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"عەباس کاکایی\" چالاکی خوێندکاریی خەڵکی شاری قوروە، لەژێر زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

ئەو چالاکە خوێندکارییە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر و پاش یەک ساڵ ئازاد کرا.

عەباس کاکایی خوێندنی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی لە زانکۆی تاران تەواو کردووە و مامۆستای خوێندنگەکانی تاران بووە و رۆڵێکی گرینگی لە چالاکییە مەدەنییەکانی شاری قوروە و بڵاڤۆکە کوردییەکانی ئەو شارەدا هەبووە.

لەماوەی رابردوودا زۆربەی چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، خوێندکاری و مەدەنیی کورد بەهۆی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامێی ئێران، بەناچاری وڵاتیان بەجێهێشتووە.

شاهۆ حوسێنی، دیاکۆ خەیات و سۆهراب کەریمی ئەو چالاکە خوێندکارییە کوردانەن کە لە ژێر زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکاندا روویان لە هەندەران کردووە.