چالاکێکی خوێندکاری بۆ سێهەمین جار دەستبەسەر کرا

21:46 - 6 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە ئەفسانە بایەزیدی، چالاکی خوێندکاری کورد، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بوکانەوە دەستبەسەر دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو، هێزەکانی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بوکان ئەفسانە بایەزیدی کچی ئەبوبەکر، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازنەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە زۆر و بە بێ موڵەتی قەزایی هێرشیان کردووتە سەر ماڵی ئەفسانە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

\"30031.jpg\"
ئەفسانە بایەزیدی
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە خوێندکارییە لە بەر دەستدا نیە.

ئەمە سێهەمین جارە ئەو چالاکە خویندکارە دەستبەسەر دەکرێت و پێشتریش ئەفسانە لە مانگی خەزڵوەری ٩٢ بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کرابوو، هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری ٩٤ی هەتاوی جارێکی دیکە دەستبەسەر دەکرێت.

ئەفسانە،لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و دووخرانەوە بۆ شاری کرماشان مەحکووم کرابوو.

حوکمی دادگایی ئەفسانە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ هەڵپەسێر درابوو.

ئەو چالاکە خوێندکارییە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تاوانبار کرابوو.