چالاکێکی تێلگرامی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران گوازرایەوە

15:47 - 20 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی تێلگرامی خەڵکی شاری مەهاباد پاش دەستبەسەر کردنی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری تاران گوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی جەماڵ تەنیایی کوڕی عومەر بۆ گرتووخانەی شاری تاران گواستەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان، هەتا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان دەست نەکەوتووە\".

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە پەیوەندیی لەگەڵ چالاکی لە کاناڵی تێلگرامی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدران دەستبەسەر کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چالاکێکی دیکەی تێلگرامی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو، بەڵام هەتا ئێستا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبووتەوە.

جەماڵ تەنیایی خێزاندار و خەڵکی گوندی\"حاجی خۆش\" سەر بە ناوچەی شاروێرانی شاری مەهابادە.

ماوەیەک پێش ئێستا، ڕێکخراوی ڕێپۆتێرانی بێ سنوور، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە بەکاربەرانی کاناڵی تێلێگرام زیاتر لە جاران لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر دەکرێن.

لە سەرەتای ساڵی زایینی(٢٠١٧) ئەم ڕێکخراوەیە زیاتر لە ٩٤ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی \"وب نگاران\" لە پەیوەندیی لەگەڵ کاناڵی تێلێگرامی تۆمار کردووە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە تەنیشت قوەی قەزاییە هەریەکیان بە جیا هەوڵی دەستبەسەر کردنی بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرامیان داوە.

هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە چالاکانی دونیای مەجازی بە زیندانی درێژ ماوە حوکم دراون.