چالاکیی جۆراوجۆری ژینگەپاریزی لە شارەکانی کوردستانی ئێران+وێنە

21:09 - 24 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی ژینگەدۆستی و خاوێنکردنەوەی سروشتی کوردستان، لە شارەکانی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکیی ژینگەپاریزی بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ژمارەیک هاووڵاتیی کورد لە شاری ئیسلام‌ئاباد لە ئوستانی کرماشان، بە شێوەیەکی خۆڕسک سەیرانگەی گڵاڵسیەی سەربەو شارەیان خاوێن کردەوە.

ئەو سەیرانگەیە کەلە سەر رێگەی ئیسلام‌ئاباد (شاهاباد) بۆ گیلانغەرب هەڵکەوتووە، رۆژی هەینی لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوین کراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و رۆژی شەممە رێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە ژمارەیک راوچیی کوردی خەڵکی گوندی شارانی لە ناوچەی مەریوان، لەرێوڕەسمێکدا ١٢ کەویان لە چیاکانی دەوروبەری ئەو گوندە ئازاد کرد و دواتر قەفەسەکانیان لە ئاگردا سووتاند.

لەو رێوڕەسمەدا ژمارەیەک منداڵی خەڵکی گوندی شارانی بەشداربوون، کە بە هەڵگرتنی پالاکارد و پوستێر تایبەت بە ژینگەدۆستی، خۆشەویستیی خۆیان بە سروشتی نیشتمان نیشان دا.

هەروەها رۆژی ٢٠ی خاکەلێوە، راوچییەکی کوردی خەلکی گوندی ولەژێر لە ناوچەی مەریوان بەناوی \"تایر خوسرەوی\"، تاقە کەوەکەی خۆی بە ژینگەی کوردستان سپاردەوە.

تایر خوسرەوی، کە کارمەندی خانەنشین‌کراوی ئیدارەی برقی شاری مەریوانە، پاش ئازاد کردنی کەوەکەی، بە نێشانەی وازهێنانی هەمیشەیی لە راگرتنی کەو، قەفەسەکەشی لە ئاگردا سووتاند.

لە رۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا، بەهاوکاریی ئەنجومەنی خەڵکیی پاژین لە شاری بانە، لە رێوڕەسمێکدا ١٠ سمۆرە و ١١ کەو بۆ داوێنی سروشتی کوردستان گەڕێندرانەوە.

لەو رێوڕەسمەدا کە ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزی بەشداربوون، قەفەسی کەوەکانیشیان لە ئاگردا سووتاند.

لە ماوەی ٢ مانگی رابردوودا، رەوتی ئازادکردنی باڵندە و وازهێنان لە راوکردن، نزیک بە تێکڕای شارەکانی کوردستانی ئیرانی گرتۆتەوە، لە زۆربەی شارەکاندا راوچییە کوردەکان بە کۆمەڵ وازیان لە راو کردن هێناوە.
\"19292.jpg\"

\"19293.jpg\"

\"19295.jpg\"

\"19296.jpg\"

\"19303.jpg\"

\"19301.jpg\"

\"19302.jpg\"

\"19297.jpg\"

\"19304.jpg\"

\"19298.jpg\"

\"19299.jpg\"

\"19300.jpg\"