چالاکیکی فەرهەنگیی کورد لە خوراسان دەسبەسەر کرا

14:06 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگیی کورد، خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خۆراسان، دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی گرتووخانەی بیرجەند کرا.

بەپیێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی فەرهەنگیی کورد، بە ناوی \"نوورمحەممەد نادری (ئەردەڵان ئەفشار)\"، تەمەن ٥٥ ساڵ، خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خۆراسان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شاری بیرجەند کرا.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، بە تۆمەتی \"چەواشە کردنی بیروڕای گشتی، بانگهێشت کردنی خەڵک بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش دژی حکوومەتی ئێران، پەیوەندیی لەگەڵ کوردەکانی شاری ورمێ، پەیوەندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆن و هەوڵدان بۆ ڕاپەڕاندنی خەڵک و ئاشناکردنی کوردەکان لە ڕێگەی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی\" بە یەکساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

پاش ئەوەی کە ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بیرجەند دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە، دادگای ئینقلابی ئەو شارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ جۆزەردان، بڕیاری زیندانکردنی ناوبراوی دەرکردووە.

نوورمحەممەد نادری بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی (Kom Muzîk) بوو، کە زیاتر لە ٤٠ هەزار ئەندامی هەبووە، کە گۆرانی، کلیپی گۆرانیی هونەرمەندانی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستانی بڵاو دەکردەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، کە نەخۆشیی \"جەرگـ\"ـی هەیە، چەندین جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.