٦ چالاکی کرێکاریی ئێرانی بە بارمتەی قورس ئازاد کران

11:23 - 5 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ٦ چالاکی کرێکاریی ئێرانی، لە زیندانەکانی "قەرەچکی وەرامین و ئێوین"، بە دانانی بارمتەی قورس هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیان، بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

"سپیدە قلیان، ئەمیر ئەمیرقولی، ساناز ئەڵڵایاری و ئەمیرحوسێن محەممەدی فەرد"، چوار کەس لە تاوانبارانی دۆسیەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی "حەوت تەپە" و دوو کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بە ناوەکانی "عاتیفە ڕەنگڕێز و مەرزیە ئەمیری"، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کران.

ئازادکردنی ئەو ٦ چالاکە کرێکارییە بە دانانی بارمتەی قورس و پاش دەسبەسەرکردنی درێژماوەیان ڕوویداوە.

چوار تاوانباری دۆسیەی حەوت تەپە، پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە هەر کامەیان بە ١٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون و هەروەها "مەرزیە ئەمیری" بە ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و هەروەها لێدانی ١٤٨ زەربە قامچی و "عاتیفە ڕەنگڕیز" بە ١١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرابوون.

"سپیدە قلیان"، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی، "ئەمیر حوسێن  محەممەدی فەرد" و هاوژینەکەی "ساناز ئەڵڵایاری"، هەر کامیان بە بارمتەی ٨٥٠ ملیۆن تمەنی و "ئەمیر ئەمیر قولی" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانەکانی "قەرەچەکی وەرامین و ئێوین"، ئازاد کران.

چوار کەس لەو ٦ زیندانییانە، مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لە ڕەوتی کرێکارانی ناڕازیی حەوت تەپە دەسبەسەر کران و دوو کەسی دیکەیان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە پێش بینای مەجلیسی ئێران دەسبەسەر کرابوون.

ئەو ٦ چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی شەممە، ٤ی خەزەڵوەر، ئازاد کراون و هەروەها "ئیسماعیل بەخشی" و "عەسەل محەممەدی"، هێشتا لە زینداندان.