٤ چالاکی کرێکاری لە سنە دەستبەسەر کران

15:52 - 17 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی ژنان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چەندین چالاکانی کرێکاریی خەڵکی شاری \"سنە\"یان دەستبەسەر کرد.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەممە ٤ کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ناسنامەی ئەو ٤ کەسە کە کاتژمێر ٥:٣٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کراون، وەفا قادری، سەید خالید حوسێن، بێهزاد فەرەجوڵاهی و حامید راگەیەندراوە.

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان هۆی دەستبەسەر کرانی ئەو چالاکە کرێکارییانەی بۆ بەڕێوە بردنی رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی ژنان لە شاری سنە گەڕاندۆتەوە.

سەرلە ئێوارێی رۆژی رابردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەڕەشەیان لە وەفا قادری لەمەڕ بەڕێوە بردنی رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی ژنان کردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ شوێن راگیران و ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.