٥ چالاکی مەدەنیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

11:42 - 1 خاکەلێوه 2720

چوار چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیرج ڕەحیم‌زادە"، "فەردین کەریمی"، ئارمین ئەسپرلووس" و "ئارمان وەفایی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" هەر کامەیان بە سێ مانگ و ١ ڕۆژ زیندان مەحکووم کراون و "ئەفشین شێخ‌ئیسلامی"، ئەو چالاکە مەدەنییەش بە مانگێک زیندانی مەحکووم کراوە.

ئەو ٥ چالاکە مەدەنییە کوردە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" تاوانبار کراون و هەروەها بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی ئێران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسراون.

ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بە شێوەی زارەکی بە پارێزەرەکانی ئەو ٥ چالاکە مەدەنییە ڕاگەیاندراوە.

ئەفشین شێخ ئیسلامی‌وەتەنی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٩٧ لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش مانگ لە دسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری٩٧، ئیرج ڕەحیم‌زادە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەریوان دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی سەرەتای مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، فەردین کەریمی لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەرو  دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ئیدارەیە کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٩٧، ئارمین ئەسپرلووس، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و دواتر ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە کرا.

ئارمان وەفایی ٢٨ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، لە ایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر و پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.