٩ چالاکی مەدەنی مەریوانیی، پاش کۆبوونەوەی پشتیوانیی لە عەفرین دەسبەسەر کران

13:38 - 22 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ٩ کەس لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە، پێنج چالاکی مەدەنی، بە ناوەکانی \"عەدنان حەسەنپوور، ئارمان غەفووری، محەممەد دانش، فەرامەرز محەممەدی، هیوا فیدایی، دیار یەزدانی، ئەحمەد ئێرانپەناه، هیوا نادری و ناسێح بەخشی\"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو ٩ چالاکە مەدەنییە کوردەیان بە تۆمەتی \"بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانیی لە شاری عەفرین\"، دەسبەسەر کردووە.

هەواڵی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، باس لەوە دەکات، کە لە کۆبوونەوەی پشتیوانیی خەڵکی شاری مەریوان لە شاری عەفرین، چەندین هاووڵاتیی دیکەی کورد دەسبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم ٩ چالاکە مەدەنییە کوردە لە گرتووخانەدان.