٦ چالاکی مەدەنی لە سنە بانگهێشت و دەستبەسەر کران

20:49 - 18 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ڕەواڵی ساڵانە لە بەرەبەری ٨ی مارسدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بانگهێشت و هەڕەشەیان لە چالاکانی مەدەنی ئەو شارە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو، ١٧ی ڕەشەمە، چالاکێکی مەدەنی کورد بە ناوی \"جەلیل محەممەدی\" لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارە سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

\"29718.jpg\"
جەلیل محەممەدی
ناوبراو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕەوتی چەپ لە شاری سنە ئەژمار دەکرێت.
هێزە ئەمنیەتییەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی جەلیل و دەستیان بە سەر تەواوی کەلوپەلە شەخسییەکانی وەک، کامپیوتێر، کتێب و موبایلەکەی داگرت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند، لە بەرەبەری ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لانیکەم ٥ چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.

ئیدارەی ئیتلاعات، ئەو چالاکوانەی خستووەتە ژێر گوشارەوە، کە لە ڕۆژی ٨ی مارس هیچ جۆرە چالاکییەک بەڕێوە نەبەن و لە بەشداری کردنی کۆبوونەوەی ڕۆژی ژنان خۆیان ببوێرن.

لە نێو بانگهێشت کراوەکاندا، ژنە نووسەر و شاعێری کورد \"سیمین چایچی\" بەرچاو دەکەوێت.

\"29719.jpg\"
غالب و خالید حوسێنی
غالب حوسێنی، موزەفەر ساڵح نیا، فواد زەندی و خالید حوسێنی لە چالاکانی شاری سنەن، کە ڕۆژی ڕابردوو بۆ چەند کاتژمێرێک لە ستادی ئیدراەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دا بوون.

بەپێی هەواڵە باوەرپێکراوەکان، کەسانی دیکەش لەو پەیوەندیەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت کراون کە هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسیان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

لە پارێزگای ئیلام مەئموورانی ئیتلاعات پێشیان بە بەڕێوەچوونی سێمیناری ناسراوە بە \"زن نوین\" گرت.

موڵەتی بەڕێوەچوونی ئەو سێمینارە لەلایەن جێگری فەرهەنگی زانکۆی ئیلامەوە درابوو کە بە بیانووی هاوکات بوونی ڕۆژی ٨ی مارس هەڵوەشێندرایەوە.

ساڵانە لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی ژن، چالاکانی مەدەنی کورد لە شاری سنە و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێن و بە نیسبەت هەر جۆرە چالاکییەک مافخوازانە پێشیان پێدەگیڕێت.

لینك پەیوەندیدار:
در فردای انتخابات، ٥ تن در اشنویه بازداشت شده‌اند
بازداشت و پرونده‌سازی قضایی در کُردستان ادامه دارد
بازداشت‌ها در کُردستان از سر گرفته شد