٧ چالاکی عەقیدەتی کورد بە ئیعدام مەحکووم کران

22:46 - 6 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئیعدامی بۆ ٧ زیندانی عەقیدەتی شاری مەهاباد بڕێوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری تاران، دەنگی بە ئیعدام کردنی ئەو ٧ چالاکە عەقیدەتیەی پەیڕەوی ئەهلی سوننی کە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج زیندانی کرابوون، دابوو.

ئەیوب کەریمی کوڕی عەمەر، ئەنوەر خزری کوڕی محەممەد، داوود عەبدوڵڵاهی کوڕی مەحموود، کامران شێخە کوڕی عەلی، خەسرەو بەشارەت کوڕی عەبدوڵڵا، قاسم ئابستە کوڕی مستەفا و فەرهاد سەلیمی کوڕی مەجید، شوناسی ئەو ٧ زیندانییەیە کە حوکمی ئیعدامیان لە لایەن دادوەر موقیسیەوە ڕاگەیەنراوە.

ئەو هاووڵاتییە زیندانیانە هەموویان خەڵکی شاری مەهابادن و لە کاتی دەستبەسەر کردنیان لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویەوە لە زیندانەکانی ئێران چارەنووسیان بە ناڕوونی مابووە.

ئەو هاووڵاتییانە دوای ٦ مانگ کە لە ژووری تاکەکەسی زیندانی ئێوین ڕاگیرابوون، ڕاگوێزران بۆ بەندی ٣٥٠ زیندانی ئێوین و پاش ٢٠ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە زیندانی ئێوین بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گواسترانەوە.

دوو ساڵ پێش و لە کاتی دادگای کردنیان، محەممەد موقیسیە هەڕەشەی کردبوو کە بۆ ئەو ٧ هاووڵاتییە حوکمی قورس دەبڕێتەوە.

چالاکانی عەقیدەتی لەلایەن دەزگای قەزایەوە بە \"چالاکییە مەزهەبیەکانی نادەوڵەتی و هەوڵدان دژی تەناهی\" تاوانبار کرابوون.

سەرچاوەیەکی هەواڵ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، ئەو چالاکانە لە مەڕ ئەو بڕیارە ناڕەزایەتییان دەڕبڕیوە، بەڵام دۆسیەی قەزایی بۆ حوکمی کۆتایی، ڕەوانە دیوانی باڵای وڵات کراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، ئەو ٧ زیندانییە عەقیدتییە هەر جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان سەلەفییەکان بە درۆ خستووتەوە و بەرپرسانی ئەمنییەتیش پێشیان لە گرتنی پارێزەر بۆ ئەو ٧ چالاکە عەقیدەتی گرتووە.