چالاکوانێکی کرێکاری لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا

10:37 - 15 بەفرانبار 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار، جەوانمیر مورادی چالاکوانی کرێکاری لە کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی (کوردپا) ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادیی کرێکارانی ئێران، لە لایەن لیباس شەخسییەکانەوە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بۆ  جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە نزیک کرماشان بانگهێشت و پاش سەردانی شوێنی پڕۆژەکەی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەکان پاش دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانە کرێکارییە، بە دەست و پێ بەستراوی، بردوویانەتە ماڵکەی خۆی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، پاش دەستبەسەرکردنی جەوانمیر مورادی خوازیاری ئازادکردنی بێ مەرجی ئەو چالاکوانە کرێکارییە بوون.

هەتا ئێستا لە هۆکار و شوێنی ڕاگیرانی جەوانمیر مورادی زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.