چالاکانی کوردستانی ئێران: وڵامی ئاهەنگ و خۆشی خەڵك زیندان نییە

14:45 - 8 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی کوردستانی ئێران، بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داوای ئازاد کردنی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی بەشداربوو لە کۆبووەنەوەکانی پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانیان کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی کوردستانی ئێران، لە ڕێگەی ڕێکخستنی کەمپەینێک داوای ئازاد کردنی گیراوانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانیان کرد.

ئەم چالاکانە ڕایانگەیاندووە: \"وڵامی شادی زیندان نییە و دەستبەسەرکراوان دەبێت ئازاد بکرێن\"

دوای بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی هاتنە سەر شەقامەکان و خۆشی و شادی خۆیان دەربڕی.

هێزەکانی ئیتلاعات لە کۆبوونەوەکانی خەڵک بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ژمارەیەکی بەرفراوان لە هاووڵاتییانی کوردیان دەستبەسەر کرد، کە هەتا ئێستاش لە زیندانەکانی ئیتلاعاتدا ڕاگیراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لە لایەن کوردانی کوردستانی ئێران کاردانەوەی توندی هێزەکانی ئیتلاعاتی بە دواوە بوو.
بنەماڵەی ئەم گیراوانە بە وڵامە ناڕوونەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە بارەی چارەنووسی کەسوکاریان بەرەوڕوو بوونەوە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەتاکوو ئێستا لە بڵاو کردنەوەی شوناسی گیراوان خۆیان بواردووە و ئامارێکی ڕاست و دروستیان سەبارەت بە گیراوان بە ناوەندە هەواڵدەرییەکاندا نەداوە.