چالاکانی کورد بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، لە تاران خۆپیشاندانیان رێکخست+وێنــه

15:48 - 15 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی کورد لە تاران، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر خەڵکی کۆبانی، لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر، ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاری، سیاسی و مەدەنیی کورد لەبەردەم بالوێزخانەی وڵاتی تورکیا لە تاران کۆبوونەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە تاران رایگەیاند، کۆبوونەوەکە، ماوەی یەک کاتژمێری خایاندووە و چالاکانی بەشدار گەمارۆ هێرشەکانیان بۆ سەر کۆبانی مەحکووم کردووە.

چالاکانی بەشدار، کە زۆربەیان چالاکانی خوێندکاریی کوردی نیشتەجێی تاران بوون، بە هەڵگرتنی دروشم و پلاکارد، داوای بەهاناچوونی خێرایان بۆ خەڵکی کۆبانی کردووە.

دەگوترێت، بڕیارە رۆژی داهاتووش، رێکەوتی ١٦ی رەزبەر خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لەبەر دەم رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران بەڕێوە بچێت.

بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، چەکدارانی \"داعش\"، لە یەک کیلۆمیتریی شاری کۆبانی جێگیربوونە و لە ناوچەکانی، باشوور و رۆژئاوای شارەکەوە هێزە کوردییەکان بەرەنگاری چەکدارانی داعش بوونەتەوە و لە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکەشەوە شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان هیزە کوردییەکان و چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئارادایە.
\"22488.jpg\"

\"22489.jpg\"

\"22487.jpg\"

\"22490.jpg\"

\"22494.jpg\"

\"22495.jpg\"

\"22496.jpg\"