چالاکانی کرێکاری سنە، شارەداری بە هۆکاری گیان لە دەستدانی موسلێح حوسێنی دەناسێنن

16:02 - 9 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کرێکاران، چالاکانی کرێکاری و شاخەوانی شاری سنە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە سەر گۆری موسلێح حوسێنی، کرێکاری گیان لە دەستداو بە دەستی مەئموورانی شارەداریەوە بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵذەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان، پاش ئەوەیکە هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی کۆسپیان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر شارەداری شاری سنە دروست کرد، هاووڵاتییان و چالاکانی ئەو شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە سەر گۆڕی موسلێح حوسێنی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی بەڕێوە برد.

چالاکانی کرێکاری و هاووڵاتییانی سنەیی لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا بە هەڵگرتنی پوستێر و دروشمی\"شارەداری هۆکاری مردنی کرێکاران\" و \"بکەرانی ئەو جینایەتی دەبێ سزا بدرێن\"، ناڕەزایەتی خۆیان بە نیسبەت گیانی لە دەستدانی ئەو کڕێکارە کوردە دەربڕی.

بەپێی ماڵپەڕی کومیتەی هاوئاهەنگی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری لە لێدوانێکدا لە لایەن کڕێکارانەوە، چالاکانی کرێکاری و گرووپی شاخەوانی، وێڕای هاوخەمی دەبڕین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی حوسێنی، شارەداری بە هۆکاری مردنی ئەو کڕێکارە کوردە ناوزەد کرد.

دەوترێ، هێزە ئینتزامییەکان لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادە بوون، پوستێرەکانی بە بەشداریی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەیان وەرگرتووە و دڕاندوویانە.

سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان، مەئموورانی شاردەداری، ماڵی کرێکارێکی کوردیان لە شاری سنە لە کاتی دروستکردندا ئاگر دا.

شایەتحاڵەکانی ئەو ڕووداوە لە شاری سنە بە هەواڵنێری کوردپایان ڕاگەیاند: سێ کەس لە مەئموورانی شارەداریی شاری سنە، پاش ڕشتنی بەنزین بە سەر خانووی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەوڵی ئاگردانی ئەو خانوویانە داوە و لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتوون.

لەو ڕووداوەدا،موسلێح حوسێنی، کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بە هۆی ئاگردانی ماڵەکەی لە لایەن مەئموورانی شارەداریەوە، ٧٠ لە سەدی جەستەی تووشی سووتاویی ببوو، پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

کوشتنی ئەو کڕێکارە کوردە، بەدەست مەئموورانی شارەداری شەپۆلێک ناڕەزایەتی خەڵکیی، چالاکانی کرێکاریی و مەدەنی شاری سنەی لێکەوتەوە.