چالاکانی ژینگەپارێزی لەگەڵ گوشارەکانی ئیتلاعات بەرەوڕوون

16:17 - 27 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی ژینگەپارێزیی لە کوردستان، بە هۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکییەکانی چالاکانی ژینگەپارێزیی لە ئەمساڵدا، بە هۆی گوشار و هەڕەشەکانی ئیتلاعات ڕووی لە کەمی کردووە.

چالاکێکی ژینگەپارێزیی لە شاری مەریوان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هەڕەشەکردن، بانگهێشت، دەستێوەردان لە کاروباری ئەنجومەن ژینگەیییەکان، موڵەت پێنەدان بۆ چالاکیی، پێنەدانی موڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە و توێژێنەوەی چالاکانی ژینگەپارێزی هەوڵی کەمکردنەوەی چالاکییەکانی ژینگەپارێزیی لە کوردستانیان داوە، ئەم هەوڵانەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی چالاکییە ژینگەیییەکان بووە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لە کوردستاندا چالاکییەکانی ئەنجومەن ژینگەیییەکان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێشیان بە لەنێوچوونی ژینگەدا گرتووە و ئەم هەوڵانەش بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان قەبووڵ نەکراو بووە.

بە وتەی ئەو چالاکە ژینگەپارێزە، گوشاری بۆ سەر چالاکانی ژینگەپارێزیی بە دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم کۆمەڵگای مەدەنیی لە کوردستان لە ئارادایە.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزیییە هەروەها دەڵێت: لە ماوەی ئەمساڵدا، چەندین چالاکی ژینگەپارێزیی لە شاری مەریوان بانگهێشت یان دەسبەسەر کراون، کە ژمارەیەکیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

بە دەسپێکردنی وەرزی گەرما و وشکبوونی لەوەڕگەکان، ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و سروشتی کوردستاندا دەست پێ دەکات و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ کۆنترۆڵی ئاگرگرتنەکان نادەن.

خەڵکی خۆجێی کوردستان لەو باوەڕەدان، کە هێزەکانی وەک سپای پاسداران، هەنگی سنووریی و ئەرتەش لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە بیانووی بوونی ‌هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هەوڵی ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان دەدەن.