چالاکانی ژینگەپارێزی دەسبەسەر کراو بە \"تێرۆر\" تۆمەتبار کران

15:09 - 18 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: جێگری سیاسی، ئەمنییەتی و ئینتزامیی پارێزگای سنە، چالاکانی ژینگەپارێزی کوردی بە \"تێرۆر\" تۆمەتبار کرد.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار،حوسێن خۆش‌ئیقباڵ، جێگری سیاسی، ئەمنیەتی و ئینتزامیی پارێزگای سنە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\" سەبارەت بە دەسبەسەر کردنی چالاکانی ژینگەپارێزی ڕایگەیاند: \"لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چەند کەس لە ئەندامانی گرووپە دژبەرەکانی نیزام، کە لە ژێر ناوی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان، کاری تاوانکارنەیان ئەنجام دەدا، دەسبەسەر کراون\".

ناوبراو ئیدعای ئەوەی کردووە کوژرانی \"کۆسار فاتحی\" شۆفیری ئامبۆڵانسی هیلال ئەحمەری شاری کامیاران لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بە پشتیوانی چالاکانی ژینگەپارێزی دەسبەسەرکراو، ڕوویداوە.

جیگری سیاسی، ئەمنییەتی و ئینتزامیی پارێزگای سنە لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاندووە: \"بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکان و زانیارییە بە دەست‌هاتووەکان لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە، ژمارەیەک لە بکەران و دەستوپەیوەندییەکانی سەر بەگرووپەکانی دژە شۆڕش، لە کوژرانی شوفیری ئامبۆڵانسی هیلال ئەحمەر کە لە چوارچێوەی چالاکانی ژینگەپارێزی ئەرکی پشتیوانی لە ئەستۆ بووە و ناسێندرا و دەسبەسەر کراون.

شەوی هەینی ٢٩ی پووشپەڕی ئەمساڵ، \"کۆسار فاتحی\"، شوفیری ئامبۆڵانس لە سێڕیانی بیارە، لە شاری کامیاران لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا، ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنیی لە شارەکانی کامیاران و سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەر کردنی ئەم چالاکانەدا، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو چالاکانەیان داوە.

ئەم ١٠ چالاکە کوردە، بۆ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدان و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.