چالاکانی ژینگەپارێزی ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستان بەپاڵنەری سیاسی دەزانن

16:23 - 8 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لێرەوار و دارستانەکانی کوردستان کە بە سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتییان دێتە ئاژمار بە هۆی نەبوونی سیستمی پاراستن بە تەواوەتی خەریکە لەناودەچیت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە بەرفراوانەکان لەدارستانەکانی چیای زاگرۆس بە تایبەتی لەناوچەی هەورامان زیاتر لە سێ هەزار داربنیشت بوونەتە خۆڵەمێش.

لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستان لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە دەستی پێکردوە و لەماوەی یەک مانگدا ٢٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی هەورامان لەئاگردا سووتان.

بەرێوەبەری گشتی ئەنجومەنی سەوزی \"ماپریس\" لە شاری جوانڕۆ، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی بە ئەنقەست وەسف کرد.

رەخنەگرتن لەکار و چالاکیی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، بەشێک لە وتووێژی \"ئومید ئەحمەدیان\" لەگەڵ هەواڵدەریی \"مێهر\"ی حکومەتی ئێران سەبارەت بە لەناوچوونی داربنیشتەکانی ناوچەی هەورامان بووە.

ئەو چالاکە ژینگە پارێزیە دەڵێت: بەداخەوە هیندێک کەس بەپێی یاسا دامەرزاون کەهیچ حەزیان لە پاراستنی ژینگە و سروشت نیە و چالاکانی مەدەنی وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئورگانەکانی حکوومەتی دەزانن.

ئەو لەدرێژەدا باسی لە ئیمکاناتی ئاگرکوژێنەوە وەک هێلێکوپتێر کرد و وتی گرانی کرێ و موڵەت نەدان لەلایەن قەرارگای رەمەزانەوە بە یەکێک لەهۆکارە سەرکییەکانی لەناوچوونی دارستانەکان دەژمێرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا بەرڕێوەبەری ژینگەپارێزی سەوزی کرماشان \"بێستون\" ئاماژەی بە پاڵنەرە سیاسییە نادیارەکانی ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستان کرد و وتی بەرپرسانی حکوومەتی لەدابینکردنی کەرەسەی ئاگرکوژێنەوە خۆ دەبوێرن.
بەوتەی غوڵام‌رەزا پویانفەر، سیستمی پاراستنی دارستان و لێرەوارەکانی زاگرۆس بە تایبەت لە ناوچەی هەورامان رێک‌وپێک و قەوی نیە ودەبێت دەوڵەت زیاتر بڕوا بە رێکخراوە خەڵکییەکان بکات.

ئەو لێدوانانەی چالاکانی ژینگەپارێزی لە کاتێکدایە لە نزیکەی ٢٤ رێکخراوەی ژینگەپارێزی و داکۆکی‌کار ژینگە لە ئوسانی کرماشان چالاکی دەکەن کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ موڵەتی کارکردنیان پێدراوە.